ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: شێخ نەعیم قاسم لە زانایانی ئایینی شیعە و سیاسەتوانانی لوبنانی چوارەمین ئەمینداری گشتیی حزبوڵلا کە لە 29ی ئاکتەوبری 2024 و لە پاش شەهیدکرانی سەیدحەسەن نەسروڵڵا بۆ ئەم پۆستە دیاری کرا.
نەعیم قاسم خاوەن بڕوانامەی بەکالوریۆسی و مەستەریی کیمیایە و لە دەیەی هەفتای سەدەی بیستەوە چالاکییەکانی لە کۆمەڵە ئیسلامییەکاندا دەست پێکردووە و هەر لە دەسپێکی "بزووتنەوەی بێبەشان" لە شانی "ئیمام مووسای سەدر"دا بووە. پاشان بەشداری دامەزرانی بزووتنەوەی "حزبوڵڵا"ی لوبنان بووە و لە ساڵی 1991دا بۆتە جێگری ئەمینداری گشتیی ئەو بزووتنەوەیە.
لەدایکبوون و ژیانی کەسێنی
نەعیم قاسم ساڵی 1953 لە گەڕەکی "بەسیت تەحتا"ی بەیرووت لەدایکبووە و دایکی خەڵکی "کەفەر فیلا"ی سەر بە گەڕەکی تەفاح لە باشووری لوبنانە. شێخ 6 منداڵ (4 کوڕ و 2 کچ)ی هەیە.
خوێندنی زانکۆیی و حەوزەیی
ئەمینداری گشتیی ئێستای حزبوڵڵای لوبنان لە 1970 لە کۆلێژی زانستە پەروەردەییەکانی زانکۆی لوبنان، خوێندنی لە لقی کیمیا بە زمانی فەڕەنسی دەست پێکردووە و پاش کۆتایی خوێندن بۆ ماوەی 6 ساڵ لە قۆتابخانە دواناوەندییەکانی لوبنان وانەی کیمیای وتووەتەوە و پاشان بڕوانامەی مەستەریی خۆی لە هەمان زانکۆدا لە ساڵی 1977 لە لقی کیمیادا وەرگرتووە.
ئینجا شێخ نەعیم قاسم خوێندنی حەوزەیی خۆی لای زانای گەورەی شیعەی لوبنان وەک عەباس مووسەوی، حەسەن تەراد و عەلی ئەمین دەست پێکردووە و وانەی دەرەوەی لە زانستی فێقه و بنەماکانی لای خوالێخۆشبوو محەمەدحسێن فەزلوڵڵا بە ئەنجام گەیاندووە.
چالاکییە سیاسییەکان
شێخ نەعیم قاسم هەر لە سەردەمی خوێندکاری بەشدار بووە لە دامەزراندنی "یەکێتی خوێندکارانی موسڵمان" لە لوبنان و سەرۆکایەتی کۆمەڵەی ڕاهێنانی ئایینی و ئیسلامیی لە ساڵی 1974 تا 1988 لە ئەستۆ بووە. پاشان لە ساڵی 1974 تەڤڵی بزووتنەوەی "ئەمەل" وەک لقی سەربازیی بزووتنەوەی بێبەشان بە سەرۆکایەتی ئیمام مووسا سەدر بووە و بۆتە جێگری بەرپرسی فەرهەنگیی ئەو بزووتنەوەیە. پاشان بۆتە سکرتێری ئەنجومەنی فەرماندەیی بزووتنەوەی ئەمەل و نوێنەری باوەڕی و فەرهەنگیی ئەو بزووتنەوەیە.
ناوبراو دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، لە بزووتنەوەی ئەمەل دابڕا و بۆ ماوەی 10 ساڵ تەرکیزی خستە سەر پۆلەکانی وانەی ئایینی لە مزگەوت و حسێنییەکان لە بەیرووت و زاحیەی باشووری لوبنان. هەر لەو ساڵانەدا کۆمەڵەی ڕاهێنانی ئایینی ئیسلانی لە ساڵی 1977دا دامەزراند و تا 1990 بەرپرسایەتییەکەی لە ئەستۆدا بوو.
ئینجا لە ژێر کاریگەریی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە ڕێبەرایەتیی ئیمام خۆمەینی(رە) گەڕایەوە سەر چالاکییە سیاسییەکانی و بەشداری کۆمیتەکەلی ئیسلامی بوو و لە دامەزراندنی حزبوڵڵا لە 1982دا، شێخ یەکێک لە بەرچاوترین چالاکانی ئەو بزووتنەوەیە بوو و هەر لە دامەزرانی حزبوڵڵاوە بەرپرسایەتی چالاکییە ڕاهێنەری و پێشاهەنگییەکانی بەیرووتی پێ سپێردراوە.
ئەو دواتر بۆتە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاریی حزبوڵڵا و پاشان سەرۆکی ئەو ئەنجومەنە و دواجار لە 1991دا کراوەتە جێگری ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا و یەکێک لە بەرپرسایەتییەکانی لەو قۆناغەدا پەیجووریی چالاکی پەرلەمانتارانی حزبوڵڵا و چالاکییە سیاسییەکانیان بووە.
بەرهەم و نووسینەکان
ـ کتێبی "حزبوڵڵا"، کە تێیدا ئامانجەکانی حزب و ڕێکەوت و ڕوانگە سیاسییەکانی ئاراستە کراوە.
ـ کتێبی "ئیمام خومەینی لە نێوان ڕەسەنایەتی و نوێخوازی"
ـ کتێبی "ڕێبەری بووژێنەر" لەبارەی ئایەتوڵڵا سەید عەلی خامنەیی.
ـ کتێبی "کۆمەڵگای بەرخۆدان؛ ئیرادەی شەهیدبوون و سەرکەوتن".
342/
Your Comment